خهندان ـ
ئەمڕۆ 10ی تەموزی 2014، لە مەراسیمێكدا بەهرۆز محەمەد ساڵح پارێزگاری سلێمانی بەردی بناغەی پڕۆژەی دوو تاوەری بازرگانی و نیشتەجێبوونی لە سلێمانی دانا كەلە لایەن گروپی كۆمپانیاكانی فاروقەوە جێ بەجێ دەكرێن.
لە مەراسیمەكەدا فاروق مەلا مستەفا، سەرۆكی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی گروپی كۆمپانیاكانی فاروق وتارێكی پێشكەش كردوو تیشكی خستەسەر پڕۆژەكە.
فاروق مەلا مستەفا، رایگەیاند: ئەو دوو تاوەرە بەناوی كورد تاوەر ناونراون و بەرزی هەر یەكەیان 175 مەتر دەبێت و لە 35 نهۆم پێكدێت و شەش نهۆمی تریش لە زەویدا دەبێت، زەوی پرۆژەكەش 5850 مەتر دووجایە، كە 2 هەزار مەتری بەشێوەی وەبەرهێنان دراوە بە كۆمپانیاكە و زۆربەی رووبەی زەوییەكەش سەوزای دەبێت و تاوەرەكانیش شوقەی نیشەجێ بوون و ئۆفیس بۆ كۆمپانیاكان لە خۆی دەگرێت.
فاروقی مەلا مستەفا لە وتارەكەیدا داوای كرد سەرمایەداران سەرمایەكانیان بەگەڕ بخەن و تەئكیدی لە داهاتوویەكی گەش بۆ كوردستان كردەوە.
پارێزگاری سلێمانیش لە وتەیەكدا خۆشحاڵی خۆی بۆ دانانی بەردی بناغەی ئەو پرۆژەیە دەربڕی و رایگەیاند ئەو پرۆژەیە سیمانی زیاتری شارە مۆدێرنەكان بە سلێمانی دەبەخشێت.
پارێزگار وتیشی: "مێژووی كورد شاهیدە، كە نەك قەیران و گوشارەكانی سەرمان چۆكی پێ دانەداوین، بەڵكو سورتری كردوین لەسەر ئاوەدانكردنەوەی وڵاتەكەمان و پەرەپێدانی دەستەكەوتەكامان و هێنانەدی خەونەكانمان، ئێمە دوای كیمیاباران و ئەنفال چۆكمان دانەداو و راپەڕینمان سەرخست، كاتێك دوو گەمارۆی توندی ئابوریمان لەسەر بوو ئێمە حكومەت و پەرلەمانمان دامەزراند و نەوتمان دەرهێناو بناغەی ئەم وڵاتەی ئەمرۆمان دارشت كە خۆشبەختانە نزیك دەبێتەوە لە سەربەخۆی و بوون بە ساحێبی سیادەی خۆی".
وتیشی: "بۆیە لای من دانانی بەردی بناغەی ئەم دوو بینا گەورەیە، لەم هەلومەجە ئاڵۆزەی عیراق و ناوچەكەدا، ئاماژەیەكی روونە بۆ ئەوەی ئێمە ئومێدمان بە داهاتووی گەشی وڵاتەكەمان چەند زۆرە و پەیامێكە بۆ دۆست و دوژمن كە ئێمە میللەتێكی جیاوازین لەم ناوچەیەدا و ئەگەر ئەوانی تر هەموو بیركردنەوەیان بۆ ئەوەیە چۆن بتوانن زیاترین وێرانكاری بخەنەوە، ئێمە هەموو بیركردنەوەمان بۆ ئەوەیە تەنانەت لە دۆخە ئاڵۆزەكانیشدا چۆن ئاوەدانی زیاتر بكەین.
لەبەشێكی تری وتەكانیدا پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند: "ئێمە وەك حكومەتی هەرێمی كوردستان وەبەرهێنەران و سەرمایەدارانی خۆماڵی بە بەشێكی جیانەكراوە لەو پرۆسیە دەزانین كە بۆ ئاوەدانكردنەوەی وڵاتەكەمان دەستمان پێكردووە، بۆ نمونە لە بواری وەبەرهێناندا لەماوەی چوار ساڵی رابردوودا نزیكەی 135 پرۆژە مۆڵەتی پێ دراوە بە بەهای 9 ملیارد و 500 ملیون دۆلار، كە ئەمەش سەرمایەگوزارییەكی گەورەیە بۆ پارێزگاكەمان و جێگەی دەستخۆشیە".
پارێزگار سڵاو سوپاس و رێزی خۆی بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان نارد و رایگەیاند: "پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان بەو پەڕی گیان فیدای و نیشتیمان پەروەرییەوە لەبەرەی پێشەوەی بەرگیدان و سنورەكانی كوردستان دەپارێزن و لە سایەی ماندووبوونی ئەوانیشدا ئێمە ئەمرۆ ئەم جۆرە پرۆژە گەورانە بونیاد دەنێن و بەراستی هەموومان خۆمان بەقەرزداری پێشمەرگە دەزانین و هەر هەنگاوێكی ئاوەدانی ئەم وڵاتە پشكێكی بەر پێشمەرگە دەكەوێت".
پارێزگار سوپاسی سەرمایەداران و وەبەرهێنەران و بازرگانانی سلێمانیشی كرد كە كۆمەكی پێشمەرگە دەكەن و هەڵمەتێكیان بۆ پشگیری بۆ پێشمەرگە دەست پێكردووە.
پارێزگار داوای كرد سەرمایەدارانی كوردستان قەیرانی ئێستا ساردیان نەكاتەو و بە پرۆژەكانیان تەحەدای نەیاران بكەن.
Date: 10/07/2014
Source: http://www.xendan.org/dreja.aspx?=hewal&jmara=3678&Jor=1